عەزیمە ناسری، ژنە چالاکی خەڵکی بۆکان بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

هەنگاو: ژنەچالاکێکی بۆکانی کە لە کاتی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

٥ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٠٤:٣٩

 

هەنگاو: ژنەچالاکێکی بۆکانی کە لە کاتی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۱ (۲۷ی جولای ۲۰۲۱) هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، عەزیمە ناسری، ژنەچالاکی خەڵکی بۆکانیان دەستبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ئورمیە.

یەکێک لە کەسانی نزیک لە عەزیمە ناسری لەمباریەوە بە پەیامنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، هیزەکانی ئیتلاعاتی سپا، کاتژمێر شەشی بەرەبەیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەزیمە و بە بێ هیچ بەڵگەنامە و مۆڵەتێکی دادوەری، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، هیزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە پاش دەستبەسەر کردنی عەزینە ناسری، گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ئورمیە و تا ئیستاش هۆکاری دەستبەسەر کرانەکەی ئاشکرا نەکراوە.

عەزیمە ناسری ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١)، هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد دەستبەسەر کرابوو  وپاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی پەنجا ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و هێشتا دانێشتنی دادگای ناوبراو بەڕێوە نەچووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە