عەلی زوڵفی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٧:٣٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، عەلی زوڵفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

عەلی زوڵفی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانباری ٢٧٢٠ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢١) هاوکات لە گەڵ شەپۆلی دەستبەسەرکرانی لاوانی کورد و لەگەڵ نزیکەی ٢٠ هاووڵاتیی دیکە لە بۆکان دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دواجار عەلی زوڵفی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی  بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕۆستەمی بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە حکوومەت” سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەر بووندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە