فاتمە داوەند مەترسیی دیپۆرتکرانەوەی لە سەرە

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٠:٣٩

 

هەنگاو: فاتمە داوەند یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و ڕەوانەی کەمپێکی تایبەت بە دیپۆرتکردن کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢) ٧ی ئاوریلی ٢٠٢٢ (فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی پێشوو و یەکێک لە شایەتحاڵانی دادگای خەڵکی ئابان کە لە بەریتانیا بەڕێوەچوو، لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستبەسەر و بۆ کەمپی دیپۆرتی کایسری گوازراوەتەوە.

فاتمە داوەند لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «هێزەکانی پۆلیس منیان دەستبەسەر و دوای ئەوەی پەنجەمۆریان پێم کردووە بردوومیانە بۆ کەمپی کایسری و پێیان ڕاگەیاندووم کە کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو لێرە دەتبەن».

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای نیگەرانی بە نیسبەت دۆخی فاتمە داوەند داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و پەنابەران دەکات کە بەخێرایی لە سەر ئەم دۆسیەیە هەڵوێست بگرن و پێش بە دیپۆرتکردنەوەی ناوبراو بگرن.,

فاتمە داوەند خەڵکی بۆکان لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ڕۆژی سێشەممەمە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ دوای تێپەڕاندنی یەک لە سەر سێی سزای بەندکرانەکەی بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

ناوبراو زستانی ڕابردوو بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بوو کە زێدی خۆی بەجێ بهێڵیت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە