فایەق مام قادری، یەکێک لە بریندارانی بەرخۆدانەکانی شاری مەهاباد، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا

فایەق مام قادری، کە لە بەرخۆدانی خەڵک لە شاری مەهاباد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارکانی حکومەت بەسەختی بریندار کرابوو و چووبووە کۆما، بەهۆی سەخ.

١٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١١:٥٠


هەنگاو: چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

فایەق مام قادری، کە لە بەرخۆدانی خەڵک لە شاری مەهاباد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارکانی حکومەت بەسەختی بریندار کرابوو و چووبووە کۆما، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)، فایەق مام قادری، تەمەن ٣٥ ساڵ دوای یەک مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانەی "خومەینی" شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا، ناوبراو شەش گوللە بەر سەر، پشت و سکی کەوتبوو.

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مام قادری، تەرمی فایەق مام قادری لە ساردخانەی نەخۆشخانەی "خومەینی" ڕاگیراوە و هێشتا بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە فایەق مام قادری لەگەڵ مەسعوود فەرەج زادە، لە بەرخۆدانی خەڵکی مەهاباد شەوی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە حکومەتییەکان و برینداربوون.

هێزە حکومەتییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئەو دوو هاووڵاتییەی تێدا بوو، لە نزیک گۆڕەپانی ئیستقلالی شاری مەهاباد داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا ئەو دوو هاووڵاتییە برینداربوون و بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گوازرابوونەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە.

هێزە حکومەتییەکان هەر ئەو شەوە دانا مام قادری برای چووکەی فایەق مام قادرییان بریندار و دەستبەسەر کردبوو. ناوبراو حەوتووی ڕابردوو بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

فایەق مام قادری، خێزاندار و باوکی دوومنداڵە و هەروەها ئەرکی بەخێوکردنی چوار خوشک و بنەماڵەی برایەکی دیکەی کە چەند ساڵێکە لە زیندانە، لە ئەستۆدا بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە