فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد سزای سێدارەی بە سەردا سەپا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

٢١ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢٠:٠٩

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی «موحاریبە» لەڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٧ی مارسی ٢٠٢٢) لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. دواین دانیشتنی دادگا بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو سەرەتای مانگی ڕەشەممە بەڕێوە چووبوو.

فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١١ی جولایی ٢٠١٩) دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢٠) دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە، بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فیرووز مووسالوویان بە بێ ئەوەی کە بە شێوەیەکی یاسایی دادگایی بکرێت بە «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان» و «شۆڕشی چەکدارانە» تۆمەتبار کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە