فیرووز مووسالوو ٣٢ مانگە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندیخانە ڕاگیراوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد سەرەڕای تێپەڕینی ٣٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانی هێشتا بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت

١١ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١٥:٥٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد سەرەڕای تێپەڕینی ٣٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانی هێشتا بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی زانیاری گەیشتوو بە هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٣٢ مانگ لە دەستبەسەرکرانی فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، ناوبراو هێشتا دادگایی نەکراوە و لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١١ی جولایی ٢٠١٩) دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ (٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢٠) دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە، بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.

جێگای باسە کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فیرووز مووسالوویان بە بێ ئەوەی کە بە شێوەیەکی یاسایی دادگایی بکرێت بە «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان» و «شۆڕشی چەکدارانە» تۆمەتبار کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە