فەرهەنگ عەیوەزی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: یەکێک لە ژیینگەپارێزانی خەڵکی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە زیاتر لە مانگێکە دەستبەسەر کراوە و هێشتا ئازاد نەکراوە.

٢٥ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٣:٢٢

 

هەنگاو: یەکێک لە ژیینگەپارێزانی خەڵکی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە زیاتر لە مانگێکە دەستبەسەر کراوە و هێشتا ئازاد نەکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٣٥ ڕۆژ بە سەر دەستبەسەر کرانی فەرهەنگ عەیوەزی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە، ناوبراو هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەیوەزی، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ماوەی ٣٥ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا یەک پەیوەندی کورتی تەلەفوونی بە بنەماڵەکەی هەبووە و لەمافی چاوپێکەوتن و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

فەرهەنگ عەیوەزی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی تەنگیسەر، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (١٢ی دێسامبری ٢٠٢١(، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هەرجۆرە بەڵگەیەکی دادوەری فەرهەنگ عەیوەزییان دەستبەسەر کردووە و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی نەزانراوە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەم چالاکە مەدەنی و ژینگەپارێزە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەکان کراوە و جارێکیش بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە