فەریدە ساڵحی ١٧ ساڵە چاوەڕوانی سێدارە دەکات + وێنە و وتووێژ

هەنگاو: ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ژنێکی خەڵکی مەریوان کە ١٧ ساڵە لە بەندیخانەیە دوای مانگی ڕەمەزان لەئارادایە.

١ جۆزەردان ٢٧١٨، ٢٢:١٨

 

هەنگاو: ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ژنێکی خەڵکی مەریوان کە ١٧ ساڵە لە بەندیخانەیە دوای مانگی ڕەمەزان لەئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، فەریدە ساڵحی لە ساڵی ٢٧٠١ی کوردی بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

فەریدە ساڵحی کە ئێستا ٥٥ ساڵ تەمەنیەتی ١٧ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە بەندیخانەکانی مەریوان و سنە تێپەڕاندووە و ئێستا ٣ مانگە بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمەکەی دوای مانگی ڕەمەزان لەئارادایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی مێردەکەی دوای ١٧ ساڵ ئامادە بوون کە بە دانی دیەی ٣٥٠ ملوێن تمەنی لێی خۆش بن و ئیزن نەدەن کە لەسێدارە بدرێت.

 خاتوو ساڵحی لە پەیوەندییەکی تەلفوونیدا لەگەڵ ”هەنگاو“ وتی : ”من سێ مانگ پێش  و بە هاوکاری ژنێکی خێرخواز کە بارمتەی داناوە ئازاد بووم و دەبێ هەتا دوای مانگی ڕەمەزان ئەو بڕە پارەیە ئامادە بکەم و ئەگەر ئەو کارە نەکم ئەوا دەمگەڕێننەوە بح بەندیخانەوە و ئەگەری بەڕێوەچوونی حکومەکەشم لە ئارادایە“.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: “ بەداخەوە سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە داومە هەتا ئێستا نەمتوانیوە ئەو بڕە پارەیە کۆ بکەمەوە و بە هۆی دۆخی شپرزی ئابووری خەڵک هاوکاریم ناکەن و تەنیا بڕێکی کەم پارەم کۆ کردووەتەوە”.

ساڵحی لە کاتێکدا دەگریا و فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتە خوارەوە بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند: “من لە مردن ترسم نیە، تەنیا لەوە دەترسم کە وەکوو تاوانبارێک بمرم، بەڵام دوای ١٧ ساڵ من گۆڕاوم، دەمهەوێ زیندوو بمێنم و خزمەت بکەم بەکۆمەڵگاکەم، هەتا خەڵک بزانن کە ئەوانەی تاوانێک یان هەڵەیەکیان کردووە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ داوێنی کۆمەڵگا و کاریگەر بن”.

ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی و خێرخواز کرد کە لە کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارەیەدا هاوکاری بن و بە تەنیای نەهێڵن.

بۆ ناردنی هاوکارییەکانی خۆتان بە مەبستی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی فەریدە ساڵحی دەتوانن پەیوەندی بە ئیمەیلی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” بکەن.

 

[email protected]


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە