فەریدە وەیسی: ئەشکەنجەی رۆحی و ناچار بە دانپێدانانی تەلەویزیۆنی کراوم

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٠٨:٢٩

 

هەنگاو: فەریدە وەیسی، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری دێولان بە بڵاو کردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆی ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەر کران ئەشکەنجەی ڕۆحی کراوە و چونکوو لە دادگا سنە مافی بەرگری کردنمان پێ نادەن، ئێمەش دانیشتنی دادگا بایکۆت دەکەین.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو، لە سەر لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی سیروس عەباسی دانشیتنی دادگا بایکۆت دەکەن.

 فەریدە ویسی لەبارەی دەستبەسەر دەستبەسەر کرانیەوە دەڵێ هەر شەوی یەکەم کە لەگەڵ هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی بەناوی ئازاد عەباسی دەستبەسەر کراین گوازراینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سنە و هەر ئەو شەوە بە چاوبەستراوی بەتۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دادگایی کراین، لەحاڵێکدا هیچ بەڵگەیەکیان نەبووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە کە ماوەی ٦٢ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو دەڵێ: ” بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوم و لەو ماوەیەدا بەردەوام چوار گڵۆپی سپی (مەهتابی) لە ژوورەکەمدا هەڵکراوە، لەحاڵێکدا من ماوەی ٢٢ ساڵە نەخۆشییەکەم هەیە کە ڕووناکی گلۆڵپی سپی زیانی هەیە بۆم و هەر یەکەم شەویش ئەوەم پێیان ڕاگەیاندووە، بەڵام گرینگییان بە داواکەم نەداوە و لەو ٤٥ ڕۆژەدا بەردەوام ئەو گڵۆپانە لە ژوورەکەم هەڵبووە.“

 فەریدە وەیسی لە بەشێکی دیکەی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێ“ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ئەشکەنجەی دەروونی و ڕۆحی کراوم و جاری وا بووە کە لەناو لێپرسینەوەکان هەواڵێکی خراپیان لە سەر تەنیا کچەکەم پێ دەدا و تەنانەت جارێکیان بۆ ماوەی ١٨ ڕۆژ ئیزنیان نەداوە کە لەگەڵی قسە بکەم و ئەمانەش وای کردووە کە نەخۆشییەکەم دوای ٢٢ ساڵ کە تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ کرابوو، سەرهەڵبداتەوە و زیاتر لە نیوەی قژم بوەرێت و سۆمای چاوەکانم تووشی گرفتی جیدی بێت بە جۆرێک کە جاری وا هەبووە بۆ چەند چرکە هیچم نەبینیوە.“

ناوبراو دەڵێ لەو ماوەیەدا بەرپرسانی بەندیخانە و ئیتلاعاتم ئاگادار کردبووە کە باری تەندروستیم ناجێگیرە، ئیزن بدەن دوکتۆرە تایبەتەکەم چاوی پێم بکەوێت و یان دوکتۆرێکی دیکە بێنن کە چارەسەریم بۆ بکات، بەڵام بەرپرسی بەندیخانە دەیوت ئیتلاعات ئیزن نادا و ئەوانیش دەیانوت تۆ ئەگەریش بمریت بۆ ئێمە گرینگ نیە.

فەریدە وەیسی لەدرێژەدا باس لەوە دەکات کە بە زۆر ناچار کراوە لەپێش کامێرا دان بەو شتانەدا بنێت کە داوایان لێکردووە و بەجۆریک هێندێک قسەم دژ بە خۆم کردووە کە بنەمای نەبووە و تەنانەت بۆ هەر ڕەستەیەک ناچار کراوم چەندین جار دووپاتی بکەمەوە هەتا ئەوان چەندین جار ئەو وتانە تۆمار بکەن و ئەوەیان کە کارناسەکانیان پێیان باشە بڵاوی بکەنەوە.
 

ئەو چالاکە مەدەنییە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی باس لەوە دەکات کە هەموو دڵخۆشییان ئەوە بووە لە دادگا بتوانن بەرگری بکەن لەخۆیان، بەڵام ئەو ئاوەها باسی دانیشتنی یەکەمی دادگایی کردنی خۆیان دەکات“ لە دادگادا دۆخێکیان زاڵ کرد کە ئێمە نەتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین و وەها هەستم دەکرد کە دادوەر نیە، بەڵکوو پشکێنەری ئیدارەی ئیتلاعاتە و سەرلەنوێ خەریکە لێپرسینەوەمان لێ دەکات. هەر بۆیەش کاتێک هاتنیە دەرەوە بڕیارمان دا لە دانیشتنی دووهەمی دادگا بەشداری نەکەین و تەنیا کاتێک بەشداری دەکەین کە دانیشتنی دادگا بە شێوەی دادپەروەرانە و ئاشکرا بەڕێوە بچێت.
 

هەروەها، سیروس عەباسی هاوژینی فەریدە وەیسی لەو گرتە ڤیدۆییەدا باس لەوە دەکا کە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی هاوژینەکەی داوای لێکردووە کە هەرچییان دەوێت لە پێش کامێرا بیڵێت. ناوبراو دەشڵێت کە لەکاتی دەستبەسەر کران ئەو هێزانە جۆرێک ئێمەیان دەستەبسەر کردووە کە زیاتر وەکوو بارمتە گرتن بووە هەتا دەستبەسەر کردن.
 

بەپێی ئاگادارکردنەوەیەک کە بۆ هەر یەک لە فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی ڕۆشتووە، دەبێ ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر (٢ی نۆڤەمبر) دەبێ لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە حازر بن.

سیروس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە عەباسی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٩ (١٤ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیان کوتایە سەر ”ناوەندی پەروەردەی زانست“ دەستبەسەر و ئازاد عەباسی کە هەمان ڕۆژ بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی ئەوان سەردانی بنکەی ئیتلاعاتی کردبوو، کەوتە بەر لێدان و کوتانی ئەو هێزانە و دەستبەسەر کرا.

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە