قادر محەمەدزاده ٨ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانەکەیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، ٨ ڕۆژە کە مانی لەخواردن کرد.

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٢١:٢٠

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانەکەیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، ٨ ڕۆژە کە مانی لەخواردن کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزاده، بەندکراوی سیاسی خەڵکی بۆکان کە ئێستا لە کاتی تێپەڕاندنی شازدەهەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی خۆیەتی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، لە حەوتووی پێشووە لەو بەندیخانەیە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

قادر محەمەدزاده بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە بێبەش کرانی لە مافی مرەخەسی و دەستبەسەردا گرتنی بارمتەکەی، لە ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢١ی جولای ٢٠٢١) مانی لە خواردن گرت .

هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی یەزد ڕایگەیاندبوو کە ، بەرپرسانی بەندیخانە پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بارمتەی یەک میلیارد تمەنی دابین بکات دەتوانێ لە مافی مرەخەسی کەڵک وەربگرێت. بەڵام دوو مانگە بنەماڵەکەی ئەو بڕە پارەیان دابین کردووە و نەتەنیا مافی مرەخەسی پێنەدراوە بەڵکوو بڕەپارەکەش بە فەرمانی داواکاری گشتی شاری مەهاباد دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە داواکاری گشتیی مەهاباد وتوویە ناوبراو بە تۆمەتی موحاربە لە بەندیخانەیە و نابێت مافی مرەخەسی پێبدرێت.

دژایەتی داوکاری گشتی مەهاباد لەگەڵ کەڵک وەرگرتنی قادر محەمەدزاده لە مافی مرەخەسی لەکاتێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە ماوەی ١٦ ساڵە لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٠٥ (١١ی دێسامبری ٢٠٠٥) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای چەند مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای ١٥ مانگ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی موحاربە لەڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا کە ئەو ئەو سزایە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.

قادر محەمەدزاده ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ (٧ی ئاوریلی ٢٠١٩) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ بەندیخانەی مەهاباد بەڕێکراو و هەر ئەو ڕۆژە بۆ بەندیخانەی یەزد دوور خرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە