قادر محەمەدزادە بە دروشمی یان مرەخەسی یان مردن مانی لەخواردن گرت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ١٤ ساڵ بەندکران بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی، لە بەندیخانەی یەزد مانی لەخواردن گرفت.

٢٦ ڕەزبەر ٢٧١٩، ١٣:٣٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی مەهاباد دوای ١٤ ساڵ بەندکران بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی، لە بەندیخانەی یەزد مانی لەخواردن گرفت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قادر محەمەدزادە، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٤ ساڵ بەندکرانی بە بێ مافی مرەخەسی و حیساب کردنی حوکمی ٧ ساڵ بەندکران کە پێشتر هەڵوەشابوویەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی محەمەدزادە لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، قادر پێشتر بە تۆمەتی محاربە (دژایەتی خودا) لەرێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و دواتر حوکمەکەی بۆ ٢٠ ساڵ کەم کراوەتەوە.

ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی چەکدارێکی ئێران حوکمی ٧ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک حوکمی ٣ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی پەڕینەوەی نایاسایی لە سنووری سەردەشت حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە دواتر و دوای تانەدان لە حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانەکەی، ئەو حوکمەی هەڵوەشایەوە و بەڵگەکەشی لە دەست دایە.

ئێستا ناوەندی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی مەهاباد و ئورمیە وتوویانە دەبێ ئەو ٧ ساڵە جێبەجێ بکرێت و بەم شێوەیە بێت قادر محەمەدزادە دەبێ ٢٤ ساڵ لە بەندیخانە بێت هەتا مافی مرەخەسی پێ بدەن. چونکوو بە وتەی ئەوان تازە حوکمی ٢٠ ساڵەکەی دەستی پێکردووە و دەبێ نیوەی ئەو حوکمەکی لە بەندیخانە بێت.

ئەو بەندکراوە سیاسیە دوای ئەوەی دەستی داوەتە مانگرتن ڕایگیەنادووە کە، کۆتایی بە مانگرتنەکەم ناهێنم هەتا مافی مرەخەسیم پێ نەدەن تەنانەت ئەگەر ئەو مانگرتنە ببێتە هۆی گیان لە دەست دانم.

ناوبراو سەرەتای بەهاری ئەمساڵ لە بەندیخانەی ئورمیەوە وە دوور خرابوویەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری یەزد.

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدووڵڵاهی بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بە تۆمەتی محاربە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و دواتر حوکمەکەی بۆ ٢٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە