قوربانی بوونی ٥٩ هاووڵاتی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠١٨ دا + لیستی ناوەکان

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی و سەرچاوەکانی هەنگ

١٧ بەفرانبار ٢٧١٨، ٠٩:٠٠

 

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی و سەرچاوەکانی هەنگاو باس لە دانانی دووبارەی مین لە سنورەکانی کوردستان دەکەن.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠١٨ زایینیدا، لانیکەم ٥٩ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو ٥٩ کەسە ١٥ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٤٤ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە.

هەروەها ٦ کەس لە بریندارەکان ژن و ٢ کەسیان منداڵ بوون کە یەکێک لە منداڵەکان گیانی لەدەست داوە.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی پارێزگا

لەماوەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانیانی مین لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراون کە ژمارەیان دەگاتە ٢٦ کەس و لەوانە ٨ کەسیان گیانی لەدەست داوە.

-سنە: ٢٦ قوربانی کە بریتیە لە ٨ کوژراو ١٨ بریندار(یەکێک لە بریندارەکان خەڵکی زەنجان بووە و یەکێک لە کوژراوەکان خەڵکی قەزوێن).

-ئیلام:١٥ قوربانی کە بریتیە ٤ کوژراو و ١١ بریندار(یەکێک لە بریندارەکان خەڵکی ئەفغانستان بووە).

ئورمیە: ٨ قوربانی کە بریتیە یەک کوژراو و ٧ بریندار(٧ قوربانی کۆڵبەر بوون).

-کرماشان: ٧قوربانی کە بریتیە یەک کوژراو و ٦ بریندار( هاووڵاتیە کوژراوەکە سەرباز و خەڵکی پیرانشار بووە).

-لورستان: سێ کچی قۆناغی دواناوەندی بە هۆی تەقینەوی کەرەستەی شەر لە قوتابخانە بریندار بوون.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستان لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ کرێکاران بوون کە ٣٠ کۆڵبەر، شوان و کرێکار  لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی.

هەروەها ١٨ هاووڵاتی مەدەنی و ١١ نیزامی کە سەرباز و فەرمانبەری ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بوون. لە خۆ دەگرێت.

 

هەر هاووڵاتیەکی کورد دوو مینی بەر ئەکەوێت

ئاماری مینە چێندراوەکانی لە پێنج پارێزگای رۆژئاوایی ئێران (سنە/ ئورمیە/ کرماشان/ ئیلام/ خوزستان) باس لە هەبوونی زیاتر لە ١٦ تا ٢٠ میلیون مین دەکەن کە لە ڕووبەری چوار میلیون و دووسەد هەزار هێکتاردا، چێندراون، زۆترین مینیش لە سنووری چوار پارێزگای کوردستان چێندراوە کە هەر هاووڵاتیەک دوو مینی بەرئەکەوێت.

سەرەڕای ئەو مینانە، سەرچاوەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە حکومەتی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە بیانووی ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران مینی نوێی لە سنورەکانی کوردستان چاندووە و هۆکاری ئەوەیکە ئاماری قوربانیانی مین لە پارێزگای سنە بەرز بووەتەوە ، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە.

 

حەوت ساڵ دوای جێژنی خاوێن کردنەوەی پارێزگای سنە و ئەو پارێزگایە زیاترین قوربانی مینی هەیە

پارێزگاری سنە لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی (٧ ساڵ پێش) ڕایگەیاندبوو کە ئەو پارێزگاییان لە مین خاوێن کردوەتەوە و ڕێوڕەسمێکیشان بۆ ئەوە بەڕێوە بردبوو، بەڵام هاووڵاتیان دوای تێپەربوونی ٧ ساڵ هێشتا قوربانی تەقینەوەی مینن و لەساڵی ٢٠١٨ نیوەی قوربانیان لەو پارێزگایە تۆمار کراوە.

ئێران تا ئێستا کۆنوانسیۆنی (ئۆتاوا) کە کە پەیوەندی هەیە بە قەدەغە کردنی بەکارهێنانی مین، واژۆ نەکردووە.

 

داونلۆدی فایلی  PDFی ناوەکانی قوربانیان مین 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە