قوربانی بوونی ٢٧ هاووڵاتیی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠١٩ دا + لیستی ناوەکان

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی.

١٥ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٢:٥٧

 

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠١٩ زایینیدا، لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

لە کۆی ئەو ٢٧ کەسە ٤ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٢٣ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە.

تەمەنی یەکێک لەوانەی کە گیانی لە دەست داوە و دوو کەس لەوانەی کە بریندار بوون ژێر ١٨ ساڵ بووە.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی پارێزگا

لەماوەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانیانی مین لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراون کە ١٠ حاڵەت بووە و یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.

پارێزگای سنە: ١٠ قوربانی کە بریتیە لە ١ کوژراو ٩ بریندار.

پارێزگای ئیلام : ٧ قوربانی کە بریتیە لە ١ کوژراو و ٦ بریندار.

پارێزگای ئورمیە: ٣ قوربانی کە بریتیە لە ٣ بریندار.

پارێزگای کرماشان: ٧قوربانی کە بریتیە ٢ کوژراو و ٥ بریندار.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستان لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ کرێکاران بوون کە ١٨ کۆڵبەر، شوان و کرێکار  لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی.

هەروەها ٢ هاووڵاتی مەدەنی و ٧ نیزامی کە سەرباز و فەرمانبەری ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بوون، لە خۆ دەگرێت

 

هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هێندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بۆ وێنە لایەنەکانی شەڕ دەبێ نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاووڵاتیانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا حکوومەتەکانی پێبەند کردووە کە خۆ لە بەرهەم هێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینە دژە کەسییەکان ببوێرن،  هەرچەند ساڵانە کەسانێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دەبنە قوربانی، بەڵام ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنوانسیۆنی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سوور بە مەبەستی ئامادە کردنی یاسای چاوەدێر و مرۆڤدۆستانە ئەنجامی داوە، چەندین ڕێسا بە ژمارە ٨١، ٨٢ و ٨٣ سەبارەت بە مینە دژە کەسییەکان پێناسە کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

_ لە کاتی کەڵک وەرگرتن دەبێ سەرنجی پێویست بدرێت هەتا خەساراتی گیانی مرۆڤەکان کەمتر بێت.

_ ئەو لایەنانەی کە لە مین کەڵک وەر دەگرن دەبێ شوێنی چاندنی مینەکان تۆمار بکەن.

_ دوای شەڕ، لایەنەکانی شەر ئاسانکاری پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجام بدەن.

سەرباری ئەمانە، وڵاتانی ئێران و عێراق بەو یاسا نێو دەوڵەتییانە پێبەند نەبوون خۆ دەبوێرن لە جێبەجێ کردنیان.

بۆ داونلۆدی فایلی PDF لێرە کلیک بکەن


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە