قوربانی بوونی ٤٠ هاووڵاتیی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠٢٠ دا + لیستی ناوەکان

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سپای پاسدارانەو

٩ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٠:٠٧

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە چێندراوە لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٠ زایینیدا، لانیکەم ٤٠ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی ٣٢.٥٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. ساڵی ڕابردوو ٢٧ کەس بە هۆی تەقینەوەی مینەوە قوربانی ببوون.

لە کۆی ئەو ٤٠ کەسە ١٠ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٣٠ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە.

تەمەنی یەکێک لەوانەی کە گیانی لە دەست داوە و دوو کەس لەوانەی کە بریندار بوون ژێر ١٨ ساڵ بووە. پەیام ڕوستەمی تەمەن ١٤ ساڵ لە سنووری خوسرەوی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەو مێرمنداڵە بوو کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست دا.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی پارێزگاکان

لەماوەی ساڵی ڕابردوو زۆرترین قوربانیانی مین لە سنوورەکانی پارێزگاکانی سنەو کرماشان تۆمار کراوە کە هەر کامەیان ١١ حاڵەت بووە.

پارێزگای سنە: ١١ قوربانی کە بریتیە لە ٢ کوژراو ٩ بریندار.

پارێزگای ئیلام : ١٠ قوربانی کە بریتیە لە ٣ کوژراو و ٧ بریندار.

پارێزگای ئورمیە: ٨ قوربانی کە بریتیە لە ٢ کوژراو و ٦ بریندار.

پارێزگای کرماشان: ١١ قوربانی کە بریتیە ٣ کوژراو و ٨ بریندار.

 

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستان لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ کرێکاران بوون کە ١٨ کۆڵبەر، شوان و کرێکار  لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی.

کرێکار: ١٨ حاڵەت (٨ کوژراو و ١٠ بریندار)

سەربازی: ١٨ حاڵەت (١ کوژراو و ١٧ بریندار)

مەدەنی: ٤ حاڵەت (١ کوژراو و ٣ بریندار)

 

هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هێندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بۆ وێنە لایەنەکانی شەڕ دەبێ نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاووڵاتیانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا حکوومەتەکانی پێبەند کردووە کە خۆ لە بەرهەم هێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینە دژە کەسییەکان ببوێرن،  هەرچەند ساڵانە کەسانێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دەبنە قوربانی، بەڵام ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنوانسیۆنی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سوور بە مەبەستی ئامادە کردنی یاسای چاوەدێر و مرۆڤدۆستانە ئەنجامی داوە، چەندین ڕێسا بە ژمارە ٨١، ٨٢ و ٨٣ سەبارەت بە مینە دژە کەسییەکان پێناسە کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

_ لە کاتی کەڵک وەرگرتن دەبێ سەرنجی پێویست بدرێت هەتا خەساراتی گیانی مرۆڤەکان کەمتر بێت.

_ ئەو لایەنانەی کە لە مین کەڵک وەر دەگرن دەبێ شوێنی چاندنی مینەکان تۆمار بکەن.

_ دوای شەڕ، لایەنەکانی شەر ئاسانکاری پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجام بدەن.

سەرباری ئەمانە، وڵاتانی ئێران و عێراق بەو یاسا نێو دەوڵەتییانە پێبەند نەبوون خۆ دەبوێرن لە جێبەجێ کردنیان.

 

داونلۆدی فایلی PDFی  لیستی ناوەکان

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە