لانی کەم ٤ هاووڵاتی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کران

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆ لانی کەم چوار هاووڵاتییان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

٥ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٣:٠٠

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی شاری شنۆ لانی کەم چوار هاووڵاتییان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٤ی ژانویەی ٢٠٢٢) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی سیامەند خاڕەزم تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی گوندی «ئاڵیاوێ» یووسف ئەمینی خەڵکی «گورگاوێ» و ئاسۆ شێخە خەڵکی گوندی «چەشمە گۆل» دەستبەسەر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاسۆ شێخە و سیامەند خاڕەزم لە ماڵی خۆیان و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکراون. هەروەها، یووسف ئەمینی دوای ئەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگ کراوە لەوێ دەستبەسەر کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی خەڵکی گەڕەکی ڕەحیم ئاوای شنۆ بە ناوی موراد ساعی تەمەن ٢٧ ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەم چوار هاووڵاتییە دوای ئەوەی دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران و هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکرانیان لەبەردەست نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە