لاوێکی خەڵکی سەقز دوای هەڵاتن لە بەندیخانە و سەر لەنوێ دەستبەسەر کران، مەترسی حوکمی سێدارەی لەسەرە

هەنگاو: شایان سەعیدپوور کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٢:٢٠


هەنگاو: شایان سەعیدپوور کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی مەترسی ئەوەی لەسەرە حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شایان سەعیدپووڕ خەڵکی سەقز، کە لەتەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان بووە و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوای هەڵاتن لەبەندیخانەی سەقز و سەر لەنوێ دەستبەسەر کرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە و مەترسی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی لە ئارادایە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بەهەنگاوی ڕاگەیاند کە، شایان سەعیدپوور هاوڕێ لەگەڵ چەند بەندکراوی دیکەی بەندیخانەی سەقز کە دەستبەسەر کراونەتەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی سنە و شایان ئەمڕۆ گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.


یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەعیدپووڕ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو زانیاریانە، بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بڕیارە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە حوکمی سێدارەی شایان جێبەجێ بکرێت.


شایان سەعیدپوور کوڕی سەلاحەدین، لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٥ ( ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥) لە کاتێکدا تەمەنی نەگیشتبووە ١٨ ساڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی ”سلێمان ئازادی“ کوشتووە و لەوکاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراو.


ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.


شایان سەعیدپوور لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٦ی هەتاو بووە و لەکاتی ئەنجامی تاوانەکە ڕاست ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٢٥ ڕۆژ تەمەنی هەبووە.

لە کاتی ڕاپەڕینی بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز ٧٤ بەندکراو توانیان هەڵبێن، شایان سەعید پوور و شۆڕش موروەتی دوو لەو بەندکراوانە بوون کە توانیان هەڵبێن و ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوەی (٥ی ئاوریل) واتە ١٠ ڕۆژ دوای هەڵاتن لە بەندیخانە، لە گوندی سەبەتلووی شاری بانە دەستبەسەر کرانەوە.


مستەفا سەلیمی، یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانە بوو کە دوای ئەوەی دەستبەسەر کرایەوە، ڕۆژی شەممە ٢٣ فروردین (١١ ئاوریل) لە بەندیخانەی سەقز لەسێدارە درا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە