لاوێکی ئیلامی لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا

لاوێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەممەد عەبدوڵڵاهی، کە لە کاتی ناڕەزایەتیییەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئە.

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢١:٣٧


هەنگاو: دووشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لاوێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەممەد عەبدوڵڵاهی، کە لە کاتی ناڕەزایەتیییەکانی هەفتەی ڕابردووی شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتەبەری ٢٠٢٢) لە بەرامبەر بینای فەرمانداری شاری ئیلام، محەممەد عەبدوڵڵاهی ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، کە دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەست دەدا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام لە بەرامبەر بینای فەرمانداری چەندین هاووڵاتی دەستبەسەر و چەندین هاووڵاتی دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدووڵڵاهی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "هێزە ئەمنییەکانی ئیلام کاتژمێر ١: ٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، پەیوەندییان بە باوکی محەممەدەوە گرتووە و پێیان وتووە کە کوڕەکەت بریندارە و لە نەخۆشخانەی خومەینی خەوێندراوە".

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەبدووڵڵایی هەر ئەوکاتە و دەستبەجێ خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی خومەینی، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە پێیان ڕاگەیاندوون کە کەسێک بەو ناونیشانە لەوێ نەخەوێندراوە. دوای کاتژمێرێک دووبارە پەیوەندیان بە بنەماڵەی عەبدوڵڵاییەوە گرتووە و پێیان وتوون کە کوڕەکەتان گیانی لەدەستداوە و کاتژمێر ٩ی بەیانی لە ساردخانەی بەهەشتی ڕەزای شاری ئیلام تەرمەکەی وەربرگرنەوە".

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهی کە تەرمی محەممەدی بینیبوو لەمبارە وتی: "ئاسەواری شینبوونەوە لەسەر هەموو جەستەی محەممەد دیار بووە و سەری بەهۆی بەرکەوتنی شتێکی قورس (بە ئەگەری زۆرەوە باتۆم) شکابوو".

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ناوەندە ئەمنییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، لە کاتێکدا تەرمی محەممەدیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە کە بەڵێنی نووسراویان لە ئیبراهیم عەبدوڵڵاهی باوکی محەممەد وەرگرتووە کە هۆکاری مردنی کوڕەکەی بە مردنی سروشتی ڕابگەیێنن و هەر هەمان ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشتی ڕەزا لەژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەچووە.

هەنگاو زانیویەتی، کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەی توندیان لە بنەماڵەی محەممەد عەبدووڵاهی کردووە، کە مافی میدیایی کردنەوەی ئەم بابەتەیان نییەوە نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا قسە بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە