لێدان و ئەشکەنجە کردنی کۆڵبەرێک و دەستبەسەر کردنی لە نۆدشە

کۆڵبەرێکی خەڵکی نۆدشە بە ناوی محەممەد ئەمین ئەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ شەوی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بە سەختی ئەشکەن

٢٧ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٠٠:٣١


هەنگاو: هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

کۆڵبەرێکی خەڵکی نۆدشە بە ناوی محەممەد ئەمین ئەمینی تەمەن ٤٠ ساڵ شەوی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بە سەختی ئەشکەنجە کراوە و دواتر بە دەست بەستراوی بۆ بنکە تەندروستییەکانی شاری پاوە گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "محەممەد ئەمین ئەمینی خێزاندار و باوکی منداڵێکە کە لە نزیکی گوندی نروێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و دەست، شان، کەمەر و دەموچاوی بە سەختی بریندار بووە."

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتی کە هێزەکانی سوپای پاسداران محەممەد ئەمین ئەمینییان لە کاتێکدا بە سەختی بریندار بووە ڕادەستی کەڵانتەری نۆدشە کراوە و بە دەست بەستراوی بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە کراوە.

محەممەد ئەمین ئەمینی بەکالریۆسی مێژووی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە و بە هۆی ڕەدکرانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە هیچ ئیدارەیەک دانەمەزراوە و لە ڕووی ناچارییەوە ڕووی لە کۆڵبەری کردووە.

چارەنووسی ئەم کۆڵبەرە دوای گواستنەوەی بۆ بنکە تەندروستییەکانی شاری پاوە نادیارە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە