لە ئاوریلی ٢٠١٩ هەتا ئاوریلی ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی + لیستی ناوەکان

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٤ی ئاوریل (ڕۆژی جیهانیی وریاکردنەوە و هۆشداری لە مەڕ مەترسییەکانی مین) ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربان

١٥ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٢:٢٨


هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٤ی ئاوریل (ڕۆژی جیهانیی وریاکردنەوە و هۆشداری لە مەڕ مەترسییەکانی مین) ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر قوربانیانی مین لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.


بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ئاوریلی ٢٠١٩ هەتا ئاوریلی ٢٠٢٠ لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.


لە کۆی ئەو ٢٧ کەسە ٤ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٢٣ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە.


هەروەها ٣ کەس لە قوربانییەکان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و منداڵ بوون کە یەکێکیان گیانی لەدەست داوە.

جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی پارێزگا
پارێزگای سنە:١٠ قوربانی (١ کوژراو و ٩ بریندار) کە دەکاتە ٣٧٪ی کۆی قوربانییەکان.
پارێزگای ئیلام :٧ قوربانی ( ٧ بریندار) کە دەکاتە ٢٦٪ی کۆی قوربانییەکان.
پارێزگای ئورمیە :٣ قوربانی ( ٣ بریندار) کە دەکاتە ١١٪ی کۆی قوربانییەکان.
پارێزگای کرماشان:٧ قوربانی (٣ کوژراو و ٤ بریندار) کە دەکاتە ٢٦٪ی کۆی قوربانییەکان.


جیاکردنەوەی قوربانیەکان بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی
زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کرێکاران بوون کە لەو ماوەیەدا ١٣ کۆڵبەر، شوان و کرێکار لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی.
هەروەها ٦ هاووڵاتی مەدەنی و ٨ نیزامی کە سەرباز و فەرمانبەری ئیدارەی مین هەڵگرتنەوە بوون لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی.
کرێکار:١٣ حاڵەت ( ٢ کوژراو و ١١ بریندار)
سەربازی:٨ حاڵەت (٨ بریندار)
مەدەنی:٦ حاڵەت (٢ کوژراو و ٤ بریندار)

هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هێندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بۆ وێنە لایەنەکانی شەڕ دەبێ نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاووڵاتیانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.


کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا حکوومەتەکانی پێبەند کردووە کە خۆ لە بەرهەم هێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینە دژە کەسییەکان ببوێرن، هەرچەند ساڵانە کەسانێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دەبنە قوربانی، بەڵام ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنوانسیۆنی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە.


فەراز فیرووزی مەندی، راوێژکاری یاسایی هەنگاو لە پێوەندی لە گەڵ پەیوەست نەبوونی دەوڵەتی ئێران بەم کونوانسیۆنە نێودەوڵەتییە وتی: لە پێوەندی لە گەڵ پەیوەست نەبوونی ئێران بە کونوانسیۆنی ئوتاوا دەبێ سەرنجێکی تایبەتی بدرێتە ناکۆکییە سنوورییەکانی ئێران لە گەڵ عێراقدا کە دەوڵەتی ئێران هەموو کات بە پاساوی پاراستنی سنوورەکان، خۆی بواردووە لە دەروەستی بە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان. پرسێک کە سەرنجی کەمتری پێدراوە ناڕوون بوون و نیشانەنەکردنی سنوورە لە مەودایەکی بەرچاو لە ناوچەکانی رۆژاوای ئێراندا. پاش واژۆکرانی بەڵێننامەی ئاشتیی ئەلجەزایر و بەغدا لە نێوان دوو دەوڵتی ئێران و عێراق لە سالی ١٩٧٥دا، بڕیار درابوو کە ئەو نیشانەکردنی سنوورەکان لە ژێر چاودێری کومیسیۆنی هاوبەشی وتووێژەکانی تایبەت بە سنوورەکە بەڕێوە بچێت کە تا ئێستا لەو بارەوە هەوڵێک نەدراوە. بەو پێیە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شوێنانەی کە مینی تێدایە بە بەشێک لە تاکتیکی بەرگریکارانەی خۆی دادەنێ و ئامادە نیە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی مینەکانی ئەو ناوچانە جێبەجێ بکات.


ئاماری مینە چێندراوەکانی لە پێنج پارێزگای رۆژئاوایی ئێران (سنە/ ئورمیە/ کرماشان/ ئیلام/ خوزستان) باس لە هەبوونی زیاتر لە ١٦ تا ٢٠ میلیون مین دەکەن کە لە ڕووبەری چوار میلیون و دووسەد هەزار هێکتاردا، چێندراون، زۆترین مینیش لە سنووری چوار پارێزگای کوردستان چێندراوە کە هەر هاووڵاتیەک دوو مینی بەرئەکەوێت.


سەرەڕای ئەو مینانە، سەرچاوەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە حکومەتی ئێران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە بیانووی ڕووبەرووبونەوە لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران مینی نوێی لە سنورەکانی کوردستان چاندووە و هۆکاری ئەوەیکە ئاماری قوربانیانی مین لە پارێزگای سنە بەرز بووەتەوە ، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە.

داونلۆدی فایلی PDF

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە