لە جوانڕۆ ١٤ خۆپێشاندەر کوژراون

هەنگاو: لە خۆپێشاندانی ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، هێزەکانی سپای پاسداران تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و زیاتر

٢٦ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٠٨:٢٢

 

هەنگاو: لە خۆپێشاندانی ڕۆژی ڕابردووی خەڵکی شاری جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، هێزەکانی سپای پاسداران تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی سپای پاسداران ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی شاری جوانرۆ کردووە و ١٤ هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون.

ناسنامەی دوو کەس کە گیانیان لەدەست داوە، “کاوە محەممەدی” کوڕی عەزیز و “حەمزە  نەقدی“ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە جوانڕۆ لەوبارەوە ڕایگەیاند کە، شەوی ڕابردوو ١٤ تەرم براوەتە نەخۆشخانەی “محمد رسول اللە” و بەشێک لەوانەی کە کوژراون، بە هۆی تەقە نەبووە، بەڵکوو بەهۆی لێدانی ئەو کەسانە بە قونداخ دوای دەستبەسەر کردنیان بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لەوانەی گیانی لە دەست داوە، لاوێکی نابیست و لاڵ (کەڕ و لاڵ) بووە کە فەرمانبەری شارەوانیی جوانڕۆ بووە و لەئاکامی بەرکەوتنی قونداقی تفەنگ گیانی لە دەست داوە.

لە هەواڵەکاندا کوژرانی یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانیش ڕاگەیەندراوە. هەروەها دوو برینداریش بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییان بۆ  ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان گوازراونەتەوە.

زۆربەی بریندارەکان لە ترسی ئەوەی کە دەستبەسەر نەکرێن، سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانیان نەکردووە و لە ماڵەوە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە پێرسێنلی نەخۆشخانەیان ڕاگەیاندووە کە مافی چوونە دەرەوە لە نەخۆشخانەیان نیە و تەلەفوونەکانیان لەلایەن ئەو هێزانەوە زەوت کراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری جوانڕۆ ڕایگەیاند ئیدارەی دادگوستەری و بانکی سادیراتی (صادرات) جوانڕۆ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگری تیبەر درا.

لەئێستادا هێڵی ئینەرنێت لە هەموو ئێران و کوردستان بە تایبەتی پچڕاوە و وەرگرتنی زانیاری و وردەکاری زیاتر ئەستەم بووە، بەڵام هەنگاو هەوڵ دەدات کە لەوبارەوە زانیاری دروست بڵاو بکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە