لە سنووری مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە هاتە ئاراوە، هێزەکانی ئێران کوژراو و برینداریان هەیە

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە سنوورەکانی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارنە لە نێوان هێزێکی نەناسراو و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

٢٥ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٠:٢٢

 

هەنگاو: شەوی ڕابردوو لە سنوورەکانی مەریوان تێکهەڵچوونێکی چەکدارنە لە نێوان هێزێکی نەناسراو و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٨ی شەوی هەینی (٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ١٥ی مارسی ٢٠١٩)، لە سنوورەکانی کانی چناری مەریوان و لە شوێنێک لە نێوان گوندەکانی پیرانی مەریوان و توتمانی هەرێمی کوردستان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزێکی نەناسراوی کوردستانی و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو تێکهەڵچوونە ٣٠ خولەکی خایاندووە و هێزە کوردستانییەکە بە بێ هیچ زیانێک شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بەجێ هێشتووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە دوای ئەو تێکهەڵچوونە، لانیکەم ٤ ئامبۆڵانس بۆ گواستنەوەی کوژراو و بریندارەکانی هێزەکانی ئێران کە ژمارەیان نەزانراوە، بۆ شوێنی شەڕەکە چوون.

ئەو ناوچەیە دوای تێکهەڵچوونەکەی شەوی ڕابردوو بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە و هێزە ئەمنییەکان هەموو هاتووچۆیەکی خەڵک چاوەدێری دەکەن.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ حیزبێکی کوردستانی بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچونەی بە ئەستۆ نەگرتووە و میدیا حکوومەتییەکانیش باسیان نەکردووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە