لە سەقز هاووڵاتییەک بە هۆی لەبەرکردنی جلی کوردی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکەی سەقزی کە ڕۆژی دووی ڕێبەندان جلی کوردیی لەبەر کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٥:٢٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکەی سەقزی کە ڕۆژی دووی ڕێبەندان جلی کوردیی لەبەر کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢١ی ژانویەی ٢٠٢١)، هاووڵاتییەکی سەقزی بە ناوی "عەتا(شەماڵ) ڕەحمانزادە" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەتا ڕەحمانزادە لە پاش ئەوەی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، بە جلی کوردییەوە چووبووە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز، دەستبەسەر کراوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ ئیدانە کردنی بێڕێزیی بێژەرێکی کاناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، ڕۆژی دووی ڕێبەندان بە جلی کوردییەوە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بن.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ساڵی ٢٧٢٩ش پاش ئەوەی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە دژی کۆماری ئیسلامی" و "پشتیوانی کردن لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان"، سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە بەند کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە