لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٨ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کراون

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بەمەش ژمارەی دەستبەسە

٣ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٨:٠٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بەمەش ژمارەی دەستبەسەر کراوانی ئەم حەوتوویەی کوردستان گەیشتە ٨ کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕێ ٢٧٢١ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڵیانکوتاوەتە سەر گودنی “عەلیان” سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ و دوو کەسیان بە ناوەکانی “هاشم خۆران’ و ”مێهران سولەیمانپوور” دەستبەسەر کردووە.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دwای دەستبەسەر کردنی ئەم دوو هاووڵاتییە ماڵەکانیشان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هێندێک لە کەرەستە تایبەتییەکانیاندا گرتووە.

هەتا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆ یان هۆکارەکانی دەستبەسەر کرانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە نەزانراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشممە ١ی پووشپەڕ (٢٢ی ژوئەن) دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی مێهرداد ئەحمەدی لالەئابادی خەڵکی کرماشان و هیممەت ڕەحمانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بانەوە دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوون و لە پاش جیا بوونەوەی لەم حیزبە، لە سنووری بانەوە گەڕابوونەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوئەن) هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بە ناوی "موحسین عەزیزی"، لە لایەن هیزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ٢٤ کاتژمێر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەروەها، کاتهمێر ٩ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ  بەندکراوێکی سیاسی پێشوویان بە ناوی “لوقمان عەزیزی دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممەش، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای شنۆ هاووڵاتییەکیان بە ناوی نەجیب دەریایی تەمەن ٢٨ ساڵ دەستبەسەر کردووەکە دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا.

هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدەش بە ناوی ڕەحمان کەریمی ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە