لە هەولێر کەسانی نەناسراو بە چەک هێرشیان کردە سەر ماڵی چالاکێکی سیاسی خەڵکی سنە

هەنگاو: دوای هەڕەشەی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە چالاکێکی سیاسی خەڵکی سنە و دانیشتووی هەولێر، کەسانی نەناسراو لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان

١٠ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠١:٢٤

 

هەنگاو: دوای هەڕەشەی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە چالاکێکی سیاسی خەڵکی سنە و دانیشتووی هەولێر، کەسانی نەناسراو لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان بە چەک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو چالاکە سیاسییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٢٨ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، کەس یان کەسانێکی نەناسراو لە گەڕەکی بنەسڵاوەی هەولێر بە چەک هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ڕشاد مینبەری، چالاکی سیاسی دژبەری حکوومەتی ئێران و هەروەها ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

هەنگاو زانیویەتی کە بە کۆڵت ٦ گولە لە پەنجەرەی ژووری نووستنی ڕشاد مینبەری دراوە.

ڕشاد مینبەری وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیاریانە بە هەنگاوی وت: “من هیچ دوژمنییەکم لەگەڵ کەس نیە و تەنیا دەستوپەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هێرشەدا بۆ سەر خۆم بە تاوانبار دەزانم”.

هێرش بۆ سەر ماڵی ڕشاد مینبەری لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و تەنانەت ئەم ناوەندە ئەمنییە پێشنیاری بە ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی بەهاری ئەمساڵی سنە کردووە کە لەهەمبەر پێدانی پارە بچنە هەولێر و لە تیرۆر کردنی ڕشاد مینبەری هاوکارییان بکەن.

بەهاری ئەمساڵ نزیکەی ١٠ کەس لە چالاکانی سیاسی خەڵکی سنە  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کران کە دوای  ٤ مانگ بە بارمتە ئازاد کران و لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بە هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تۆمەتبار کراون.

جێگای ئاماژەیە کە دوای ئازادی ئەم کەسانە هەنگاو لانیکەم لەگەڵ سێ کەسیان قسەی کردووە و ئەوان بە نیسبەت هەڕەشی کوشتن لە ڕشاد مینبەری هوشدارییان دابوو. یەکێک لەو بەندکراوانە باسی لەوە کرد کە لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا ناچار کراوین کە لەپێش کامێران داپێدانانی زۆرەملێ بکەین.

یەکێک لەو بەندکراوانە لە بەشێکی قسەکانی خۆیدا بە هەنگاوی وتبوو: “هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە فەرمی پێشنیاریان بە من داوە هەتا لەبەرانبەر پارە بچمە هەولێر و هەوڵ بدەم بۆ تیرۆر کردنی ڕشاد مینبەری”. ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە یەکێک لە نزیکەکانیان کە ژنیش بووە وەها پێنشیارێکی پێکراوە.

ڕشاد مینبەری تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنەیە کە ماوەی ٢١ ساڵە بە هۆی گوشاری هیزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر خێزانەکەی زێدەکەی جێهێشتووە و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە باوک، ،برا و هەروەها مامی ڕشاد مینبەری کە ئەوانیش ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون پیشتر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون.

ناوبراو لە بواری ورزشیش چالاکە و لە وەرزشی لەشجوانی و لە ئاستی هەرێمی کوردستان چەندین میدالیای بە دەست هێناوە و ئێستا لە یەکێک لە هۆڵەکانی لەشجوانی لە شاری هەولێر وەکوو ڕاهێنەر کار دەکات.

ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەممەی ٢٧١٧ (٢ی مارسی ٢٠١٨) هەر لەگەڕەکی بنەسڵاوەی هەولێر هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەڕێگای بەکارنانی بۆمب لە ئۆتۆمبێلی سەلاح رەحمانی یەکێک لە کادرەکانی حیزبی دێموکرات هەوڵیان دا کە ناوبراو تیرۆر بکەن کە لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو بۆمبەدا کوڕەکەی بە ناوی سەباح ڕەحمانی ٣٣ ساڵە کە ئەویش ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو گیانی لە دەست دا.

هەروەها ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٧ی ئاگۆست) موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر تیرۆر کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە