لەماوەی کەمتر لە ١٠ مانگدا ٥٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونتە قوربانی

هەنگاو: دوای سێ دەیە لە تەواو بوونی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق مینە چێندراوەکانی ئەو شەڕە هێشتا لە کوردستان قوربانی دەگرێت و بە پ

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٨، ٢٠:٥٢

 

هەنگاو: دوای سێ دەیە لە تەواو بوونی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق مینە چێندراوەکانی ئەو شەڕە هێشتا لە کوردستان قوربانی دەگرێت و بە پشتبەستن بە ئامارەکان و ئەو بەڵگانەی کە دەست کەوتوون، حکومەتی ئێران دەستی کردووەتەوە بە چاندنی مینی نوێ لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٨ هەتا ئێستا (کەمتر لە دە مانگ)، لانیکەم ٥٠ هاووڵاتیی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بە جێماوی شەڕ لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ١٤ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٣٦ کەسی دیکەشیان برینداربوون و یان ئەندامێکی لەشیان لە دەست داوە.

ئەو ئامارە بە نیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ١٦٪ زیادی کردووە. ساڵی ڕابردوو و لەو ماوەیەدا ٤٢ حاڵەت تۆمار کرابوو و لە کۆی ئەو ٤٢ حاڵەتە تەنیا ٥ کەسیان گیانیان لە دەست دابوو. بەڵام ئەمسال ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لە دەست داوە ٦٤٪ واتە (٩ حاڵەت) زیادی کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاترین ڕێژەی قوربانیان لە پارێزگای سنە تۆمارکراوە، لەو ماوەیەدا لە پارێزگای سنە ٢٢ حاڵەت تۆمار کراوە کە ٨ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٤ کەسیشان بریندار بوون.

 پارێزگاکانی ئیلام بە ١٠ حاڵەت (٣ کوژراو و ٧ بریندار)، پارێزگای ئورمیە بە ٨ حاڵەت (٢ کوژراو و ٦ بریندار)، پارێزگای کرماشان بە ٧ حاڵەت (١ کوژراو و ٦ برندار) و پاریزگای لوڕستانیش بە ٣ حاڵەت (٣ بریندار) دوای سنە لە پلەکانی دواتر جێیان گرتووە.

لە کۆی ئەو ٥٠ کەسەی کە بوونەتە قوربانی، ٢٠ کەسیان کۆڵبەر بوون. هەروەها ١٢ کەسیان مین هەڵگر، کارمەندی ئیدارەی مین و کەسانی سەربازی، ١١ کەسیان هاووڵاتیی مەدەنی، ٤ کەسیان چالاکی ژینگەپارێز و ٣ کەسیان کرێکار و جووتیار بوون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە تایبەتیانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، دوای دەستبێکی وەرزی نوێی چالاکی چەکداریی حیزبەکانی کوردستان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئێران بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی سنە و ئورمیەی مین ڕێژ کردووە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیان مین لە سنوورەکانی پارێزگای سنە کە ٢٢ حاڵەت بووە، خۆی باشترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەو زانیاریانە.

وڵاتی ئێران هەتا ئێستاش نەک هەر ئامادە نەبووە کە کۆنوانسیۆنی “ئۆتاڤا” لەپەیوەندی لەگەڵ قەدەغەکردنی بەکارهێنان، بەرهەم هێنان و راگرتنی مینی دژە نەفەر واژۆ بکات، بەڵکوو لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێندیک ناوچەی نوێی بە بیانووی پێشگرتن لە هاتووچۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان مین ڕێژ کردووە.

 

بەکارهێنانی ئەم ڕاپۆرتە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپێدراوە


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە