مانگرتنی ٢٠٠ بەندکراوی ژن لە بەندیخانەی ئورومیە پاش مەرگی بەندکراوێک بە هۆی کرۆناوە

هەنگاو: ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستی و مۆڵەتنەدانی بەرپرسان بۆ ئازادیی کاتیی

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٠١:٠٤


هەنگاو: ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستی و مۆڵەتنەدانی بەرپرسان بۆ ئازادیی کاتیی ئەو بەندکراوانە، مانیان لە خواردن گرتووە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیکەی ٢٠٠ بەندکراوی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە، لە رۆژی شەممەوە ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (٢٨ی مارسی ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستی لەو بەندە و هەروەها دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانەکە لە گەڵ ئازادیی کاتی پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لەو بەندیخانەیەدا، مانیان لە خواردن گرتووە.


یەکێک لە ژنە بەندکراوەکانی ئەو بەندیخانەیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی راگەیاند کە، هەموو ژنانی بەندکراوی ئەو بەندە خواردنی نیوەڕۆیان وەرنەگرتووە و رایانگەیاندووە تا کاتێ مافی ئازادی کاتییان پێ نەدرێ، درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.


مانگرتنی ئەو بەندکراوانە پاش مەرگی ژنێکی بەندکراو لەو بەندە دەستی پێکرد کە ناوی " فاتمە عەلیزادە" تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان دەستی پێکردووە. ناوبراو بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆناوە گیانی لە دەست دا.


ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی کە، دۆخی تەندروستیی فاتمە عەلیزادە رۆژێ پێش گیان لەدەستدانی، زۆر ناجێگیر بووە و سەرەڕای ئەوەیکە کادری دەرمانییان ئاگادار کردۆتەوە بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ناوبراو هیچ هەوڵێکیان نەداوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە