محەممەد مورادی سزای ١٥ ساڵ دوورخران بۆ شارێکی پارێزگای زەنجانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە زیاتر لە چوار ساڵە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە، دوای هەڵوەشانەوەی

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ١١:٢١

 

هەنگاو: محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە زیاتر لە چوار ساڵە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە، دوای هەڵوەشانەوەی سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە، سزای دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەیەکی پارێزگای زەنجانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای ١٥ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شارۆچکەی چورزەق سەر بە پارێزگای زەنجانی بە سەردا سەپاوە و ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢)، دانیشتنی سەرلەنوێ دادگایی کردنی محەممەد مورادی بەندکراوی سیاسی کورد کە پاییزی ئەمساڵ سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشایەوە، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بەڕێوە چوو.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دادگا بۆ ئازادی کاتیی محەممەد مورادی کە ٤ ساڵە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگیراوە، داوای بارمتەی زۆری ٨ ملیار تمەنی کردووە.

محەممەد مورادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە جیا بووەتەوە و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ (٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) لە سنووری کێلێی سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەممەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سوپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوە بە ناوی عەلی ئاتەش بەرگ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەممەد لە کاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەممەد مورادی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بە تۆمەتی «بەغی» لەرێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای بانگ کرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

ئەم سزایە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣٤ی دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای مەهاباد کراوەتەوە.

جێگای باسە کە محەممەد مورادی تەمەن ٣٥ ساڵ خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە