محەمەد نەزەری بەمەبستی چارەسەریی پزیشکی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە

هەنگاو: محەمەد نەزەری بەندکراوی تورک کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی

١٨ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٤:٣٧

 

هەنگاو: محەمەد نەزەری بەندکراوی تورک کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (٩ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، محەمەد نەزەری، بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، محەمەد نەزەری دوای ئەوەی دوو ساڵ پێش بۆ ماوەی ٩٩ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە، گەدەی تووشی کێشە بووە و پزیشکەکان ئەو ئەگەرەیان داناوە کە تووشی شێرپەنجەی گەدە بووبێت.  ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە محەمەد نەزەری مانگی پێشوو جارێک بۆ سۆنۆگرافی سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، بەڵام بۆ جاری دووهەم بەرپرسانی بەندیخانە کارشکێنییان کردووە و لەسەر پێداگری خۆی سەرلەنوێ ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوەتەوە.

پزیشکەکان دوای سۆنۆگرافی ڕایانگەیاندبوو کە محەمەد نەزەری پاش یەک حەفتە سەردانی نەخۆشخانە بکاتەوە، بەڵام بە هۆی کارشکێنی بەرپرسانی بەندیخانەوە یەک مانگ درێژەی کێشا و دواجار ئەمڕۆ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

محەمەد نەزەری لەدایکبووی شاری سایین قەڵای پارێزگای ئورمیەیە کە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە دواتر هەڵوەشایەوە و کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.

ناوبراو دوو ساڵ پێش بۆ ئەوەی یاسای نوێی جەزای ئیسلامی لە کەیسەکەی ئەو دا جییەجێ بکرێت بۆ ماوەی ٩٩ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت کە لەو ماوەیەدا ٢٥ کیلۆ لە کێشی لەشی لە دەست دا و ئێستا پزیشکەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە گەدەی ناوبراو لە ئاکامی ئەو مانگرتنە درێژماوەدا تووشی کێشە بووە.

لە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە، حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم دەکرایەوە و ئازاد دەبوو.

محەمەد نەزەری کە یەکێک لە کۆنترین بەندکراوانی سیاسی ئێرانە، لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوودا لە مافی وەرگرتنی مرەخەسی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە