مستەفا سەبزی سەر لەنوێ بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرابوو، گەڕێندرایەوە زیندانی ناوەندیی ئورمیە.

١٦ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١١:٠١


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد کە پاییزی ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرابوو، گەڕێندرایەوە زیندانی ناوەندیی ئورمیە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی (٤ می ٢٠٢٠)، مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ماکۆ بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگوێزرا. ئەم بەندکروە سیاسییە ماوەی سێ ڕۆژ لە بەندی دەروونناسیی گرتووخانەدا ڕاگیرابوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نیسبەت وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە داواکاریی ناوبرای بۆ ڕاگوێزران بۆ بەندیخانەی زێدی خۆی واتە ماکۆ و هەروەها بێبەشکران لە مافی مەرەخەسی، مانی لە خواردن گرتبوو.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا جەختی کردەوە کە بەرپرسانی بەندیخانە به مستەفا سەبزییان ڕاگەیاندووە کە بە دەم داواکارییەکانیەوە هاتوون و دەیانەوێ ڕایگوازن، بەڵام پاش هاتنەدەرەوە لە بەندیخانەی خۆی، ڕاستەوخۆ بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمیەیان ڕاگواستووە.


ڕاگواستنی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەکاتێکدایە کە ناوبراو سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو پاش دوو جار مانگرتن لە خواردن لە زیندانی ئورمیەوە بۆ بەندیخانەی ماکۆ کە داواکاریی ناوبراو بوو، ڕاگوێزرابوو، بەڵام بەرپرسانی گرتووخانەی ماکۆ وەریان نەگرتبوو و دواتر بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرا.


مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ماکۆ ساڵی ٩٣ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئورمیە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ئورمیە ڕاگیراوە.


ناوبراو پاش چەندین مانگ لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەرداسەپا. ئەم حوکمە لەلایەن دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە وەک خۆی پەسند کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە