موژگان کاووسی دوای ١٦ ڕۆژ مانگرتن بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٠:٥٢

 

هەنگاو: موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی خەڵکی کەلاردەشت کە ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تێپەڕ دەکات هاوکات لەگەڵ شازدەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردنەکەی، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی و بە مەبەستی ئەنجامی نەشتەرگەری، بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی تاران گوازرایەوە.
 

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی، ئەو توێژەرە کوردە نەخۆشی ئەندامانی کۆهەرەسی هەیە و بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەدەدا کە لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەری بۆ بکرێت و دواجار ئەمڕۆ ئیزنیان داوە کە بیگوازنەوە بۆ بەندیخانەی تاڵقانی و نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
 

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی لە باری تەندروستیی موژگان کاووسی لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناجێگیر بووە و بەرپرسانی بەندیخانە گوێیان بە داواکاری پارێزە و بنەماڵەکەی نەداوە. موژگان کاووسی ڕایگەیاندووە کە بە زوویی کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی دێنێت.
 

 ئەو بەندکراوە کوردە ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی مرەخەسی و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزی بۆ پەیوەندی بەندکراوەکان لەگەڵ بنەماڵەکانیان مانی لە خواردن گرتووە. وەک باس دەکرێت بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن.
 

موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
 

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە