موژگان کاووسی لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە

هەنگاو: موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە یەیكیک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٦:١٠


هەنگاو: موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە یەیكیک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووە و ئێستا لە بەندیخانەی نۆشەهر ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی بەندیخانە و شاردنەوەی پەتای کۆرۆنا لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە، لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکی بێبەش کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە باکووری ئێران کە ئێستا لە بەندیخانەی نۆشەهر ماوەی ٣ ساڵەی حوکمی خۆی تێپەڕ دەکات، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پەردەپۆش کردنی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە و دۆخی نالەباری بەندیخانە، لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کاووسی وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئێمە سێ حەفتەیە نەمانتوانیوە چاومان بە موژگان بکەوێت و تەنانەت بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنی پەیوەندی تەلەفوونیان بە موژگان نەداوە و ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و بەپەرۆش بوونی بنەماڵەکەی.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) ، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازەندەران دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوە چووە و حوکمی بەندکرانی ناوبراو بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران زیاد کراوە. ناوبراو مانگی سەرماوەز لەلایەن دادگای بەرایی شاری نۆشەهر بە ٦٩ مانگ بەندکران حوکم درابوو.


موژگان کاووسی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ٣٣ مانگ بەندکران، بە تۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروست کردنی بشێوی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە ٣٦ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی “ پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو سێ حوکمە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی ٣٦ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.


موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٩ی مەی ٢٠٢٠)، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نۆشەهر کراوە.


ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین وتاری لەسەر زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە کورتە فیلمێکی بەڵگەیی بە ناوی “هیوا” بەرهەم هێناوە. ناوەڕۆکی ئەو فیلمە باس لە سەر مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی لە نێو کوردەکانی کەلاردەشت لەپارێزگای مازندەرانی باکووری ئێران دەکا.

موژگان کاووسی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیموور،بەرهەمی عارف قوربانی نووسەری خەڵکی کەرکووکی، بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە