مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵەی بەندکراو لە بەندیخانەی سنە لێوەکانی خۆی دوورییەوە

هەنگاو: بەندکراوێک کە بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کراوە، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دیار نەبوونی چارەنووسی دۆسییەکەی، بە دو

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢١، ١٣:٠١

 

هەنگاو: بەندکراوێک کە بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر کراوە، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دیار نەبوونی چارەنووسی دۆسییەکەی، بە دوورینەوی لێوەکانی، مانگرتن لە خواردنی دەست پێ کرد.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان بە ناوی "ئارمان فەرەهمەند" کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە تەمەنی گەیشتووەتە 17 ساڵ، لە ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١)ـەوە لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە، بە دوورینەوەی لێوەکانی، مانگرتن لە خواردنی دەست پێ کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەرەهمەند، ناوبراو بە هۆی بەدوادانەچوونی دۆسیەکەی لە لایەن لقی دووهەمی لێپێچینەوەی مەریوانەوە مانی لە خواردن گرتووە و لێوەکانی خۆی دووریوەتەوە.

ئارمان فەرەهمەند، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە پاش شەڕێکی بە کۆمەڵ لە مەریوان و کوژرانی کەسێک بە ناوی "پووریا چارەتەڵەب"، لەگەڵ هەشت هاووڵاتیی دیکە دەستبەسەر کرا.

ئەم سەرچاوەیە بە هەنگاویشی ڕاگەیاند: هەشت کەسەکەی دیکە ئازاد کراون بەڵام لە پاش ٩ مانگ، ئارمان هەر وا دەستبەسەرە.

ئارمان فەرەهمەند لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا 16 ساڵ و 5 مانی تەمەن بووە. دوورینەوەی لێوەکانی ئەو مێرمنداڵە و دیار نەبوونی چارەنووسی دۆسیەکەی بووەتە هۆی کێشەی دەروونیی زۆر سەخت بۆ ئارمان و بنەماڵەکەی.

هە نگاو هەموو کات نیگەرانیی خۆی لە جێبەجێ نەکرانی یاساکانی پشتیوانی لە منداڵان و مێرمنداڵان دەربڕیوە و تەنانەت لە چەند نموونەیەکدا هەواڵی ئەشکەنجەدانی دەروونی و جەستەییی منداڵان و مێرمنداڵان بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە