مەجید کەریمی مامۆستای خەڵکی سەقز لە شاری سنە دەستبەسەر کرا

مەجید کەریمی مامۆستای خەڵکی سەقز و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرییی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، ڕۆژی سێشەممە ١٠

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٢٢:٤٦


هەنگاو: سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

مەجید کەریمی مامۆستای خەڵکی سەقز و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرییی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "مەجیدی کەریمی کاتێک بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی مەسعوود فەرهیختە هاوڕێ لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە چووبووە بەر بینای ئیتلاعاتی سوپا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە سواری ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ بە ڕەنگی سپی بوون دەستبەسەر کراوە ".

مەسعوود فەرهیختە یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئیسلامشار سەر بە پارێزگای ئەلبوورز و ئەندامی شوورای هاوئاهەنگی کۆمیتەی دانوستاندن بۆ ئازادی مامۆستایانە کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی مامۆستایان لەپێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی سنە بەشداری کردبوو و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کاتێک ویستبووی بگەڕێتەوە لە تێرمیناڵی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مامۆستایان لە پێش بینای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی سنە، ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی دەستبەسەر کراو بە تایبەت شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخا و ئەسکەندەر لوتفی لەلایەن مەجید کەریمی خوێندرایەوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی مەجید کەریمی مامۆستای خەڵکی سەقز کە لە قوتابخانەکانی سنە وانە دەڵێتەوە لە بەر دەستدا نییە.

مەجیدی کەریمی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە هەڕەشەی لێکراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە