مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە گەڕێندرایەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیە

مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە سزای سێدارەی هەیە و ڕۆژی دووشەممە بۆ شوێنێکی نادیاری گوازرابوویەوە، شەوی س

٤ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٥:٣٣

 

هەنگاو: چوارشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

 

مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە سزای سێدارەی هەیە و ڕۆژی دووشەممە بۆ شوێنێکی نادیاری گوازرابوویەوە، شەوی سێشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

 

ئەم بەندکراوە سیاسییە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردان بە شێوەکەیکی کوتوپڕ و لەناکاو بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووە و لەو ڕووەوە کە داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی ڕەدکراوەتەوە و سزاکەی بەمەبەستی جێبەجێکرا ڕەوانەی جێبەجێکرانی سزاکانی ئورمیە کراوە، مەترسیی جێبەجیکرانی سزاکەی لەسەر بوو و هەر ئەمەش دڵنیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردبوو.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوایی «ئاڵکاوێ» سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

 

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١١ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە