مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی لە سەرە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە
مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە ب
هەنگاو: سێشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٢
مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ کە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی زۆرە.
یەکێک لە نزیکانی بنەمالەی ئیبراهیمی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت:» لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوای سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە دۆسیەی مەحیەدین ئیبراهیمی بۆ جاری چەندەم ڕەد کراوەتەوە و ئەم سزایە بە مەبەستی جێبەجێکران ڕەوانەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئورمیە کراوە.
هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بە نیسبەت جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، داوا دەکات کە ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ گرنگی بەم دۆسیەیە بدەن. جێگای باسە کە شەپۆلی نوێی لەسێدارە دانی بەندکراوان لە ئێراندا دوابەدوای فەرمانی دەسەڵاتی دادوەری خێراتر بووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاندبوو کە» دوابەدوای دانیشتنی غوڵام حوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەگەڵ داواکاری گشتی پارێزگاکانی ئێران، بڕیار دراوە کە بە زوویی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی کە سزاکەیان یەکلایی بووەتەوە جێبەجێ بکرێت. «
مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوایی «ئاڵکاوێ» سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١١ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.