مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە مانگی ڕابردوو بە شێوەیەکی کوتوپڕ لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویە

٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢٢:٢٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی مەحکووم بە سێدارە کە مانگی ڕابردوو بە شێوەیەکی کوتوپڕ لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویەوە، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ئورمیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە دوای یەک مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دیسان بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەماوەی مانگی ڕابردوودا لەمافی پەیوەندی گرتن بە بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لەو ڕووەوە کە سزای سێدارەی هەبووە دڵنیگەرانییەکی زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە. مەحیەدین ئیبراهیمی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە سەر پرسەکانی تایبەت بە ناو بەندیخانە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر (٢٦ی ئۆکتۆبر) هاوڕێ لەگەڵ چەند بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨)  بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩(١٨ی ژانویە ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم  بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە  فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

هەنگاو خەرمانانی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢١( ڕایگەیاندبوو کە سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی لەلایەن دادگای باڵا وەک خۆی پشتڕاستکراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکران ڕەوانەی دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی کراوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە  و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە