مەهاباد/ سپای پاسداران بە ئارپی جی چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی کوشت

هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا هێزەکانی سپای پاسداران پاش راوەدوونانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لە نزیک شاری مەهاباد، جیپەکەیان دایە بەر گولەی ئارپی

١ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٠:٠٥

 

هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا هێزەکانی سپای پاسداران پاش راوەدوونانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لە نزیک شاری مەهاباد، جیپەکەیان دایە بەر گولەی ئارپی جی و چوار سەرنشینەکەیان کوشتووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٠( ١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی " کۆنەدێ" هەڵکەوتوو لە سەر جادەی مەهاباد/سەردەشت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپیان بە چەکی نیوە قورسی ”ئار پی جی“ کردووەتە ئامانج.
 
هەواڵنێری هەنگاو لەم بارەوە رایگەیاند کە هەر چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە، بەڵام تا ئێستا ناوی شوناسی کەسێکیان بە ناوی "خدر بایزیدی" دانیشتووی میراوای بۆکان، بۆ هەنگاو روون بۆتەوە. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێ کەس لەو چوار کەسە کوژراوە، ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بوون. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی لەم بارەوە راگەیاندراوی نەداوە و سپای پاسدارانیش لەم بارەوە هەواڵێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.

سەرچاوەکە هەروەها راشیگەیاند کە خدر بایزیدی کە خەڵکی گوندی " گوڵان"ی خەلیفانی مەهاباد بوو، زستانی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ پەکەکە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی چەند مانگ لە بەندیخانەدا بوو. 

شایانی باسە سوپای پاسداران تەرمی سووتاوی کوژراوەکانی لە گەڵ خۆیدا بردووە و تا ئیستا نەیداوەتەوە بە بنەماڵەکانیان.

شوێنی ڕووداوەکە


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە