ناسنامەی یەکێکی دیکە لە گیراوانی بانە ئاشکرا بوو
هەنگاو: پێنجشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٢
ناسنامەی یەکێکی دیکە لە گیراوانی بانە ئاشکرا بوو و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ لە بەرەبەری ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار لەو شارە دەستبەسەر کراون گەیشتە ٨ کەس.
دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی و کرێکاری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەنگاو زانیویەتی کە فواد فارووقی تەمەن ٥٠ ساڵ سیمای ناسراوی کرێکاری ئەو شارەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا وێڕای دەستبەسەرکرانی فواد فارووقی ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.
هاوکات حەوت چالاکی دیکەش بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، حوسێن عیزەتی، پەروین عەبدوڵڵا پەنا، عومەر سولەیمانی تەمەن ٥٨ ساڵ، سەعید محەممەدی تەمەن ٤١ ساڵ، ئەفشین ڕەشیدی و فاتیح مەجیدی تەمەن ٦٤ ساڵ دەستبەسەر کراون.
نیشتمان ڕەحمەتی هەمان ڕۆژ و حوسێن عیزەتی ڕۆژی چوارشەممە ئازاد کراون و ٦ کەسی دیکە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای سنە ڕاگیراون.