ناڕوونی چارەنووسی ٩ پەناخوازی خەڵکی پاوە لە سوریا

هەنگاو: پاش زیاتر لە سێ حەوتوو لە دیپۆرتکردنی ٩ پەنابەری خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ وڵاتی سو

٢٤ خەرمانان ٢٧٢١، ٢٢:٣٩

 

هەنگاو: پاش زیاتر لە سێ حەوتوو لە دیپۆرتکردنی ٩ پەنابەری خەڵکی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ وڵاتی سووریا، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لە بەردەستدا نیە.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ٩ پەنابەری خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی شەمە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ ( ٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە کاتێکدا کە دەیانەویست خۆیان بگەیەنە سنوورەکانی ئەورووپا، لە دارستانێکی شارێکی سنوری ئیستانبووڵی وڵاتی تورکیا لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر و بۆ وڵاتی سووریا دیپۆرت کراون.

شوناسی ئەو ٩ کەسە برێتین لە بەهمەن شادرەوان، مەسعوود حەیدەری، سەعید ئەحمەدی، دەماوەند پاکسرشت، ئەفشار رۆستەمی، هیدایەت روخزادی، ئارمان رەشیدی، موبین وەلەدبەیگی و فەردین دەرویشپوور. ناوبراوان چوار رۆژ پاش دەستبەسەرکران واتە رۆژی چوارشەمە ٣ی خەرمانان (٢٥ی ئاگۆست) لە گەڵ ٥٤ هاووڵاتیی دیکەی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی تورکیەوە دیپۆرتی وڵاتی سووریا کراون.

بە وتەی بنەماڵەی یەکێک لەو پەنابەرانە ئەو ٩ کەسە چەند مانگ پێش بە شێوەی یاسایی چووبوونە وڵاتی تورکیە و دەیانەویست لە رێگای سنووری ئاویی تورکیاوە بچنە وڵاتانی ئەورووپایی. ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی کە ئەو ٩ کەسە پاش دیپۆرتکرانیان بۆ سووریا گوازراونەتەوە بۆ شاری ئەعزاز لە باکووری ئەو وڵاتە و ئێستا لە کەمپێکی هێزەکانی دژبەری سووریا کە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن راگیراون و هیچ چەشنە پێوەندییەکیان لە گەڵ بنەماڵەکانیاندا نەبووە و ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان.

شایانی باسە ئەو پەنابەرانە کاتێک لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراون، لە سەر پێشنیاری قاچاخچییەکەیان و بۆ ئەوەی دیپۆرتی ئێران نەکرێنەوە خۆیان بە خەڵکی سووریا لە قەڵەم داوە بەڵام لە سنووری سووریا وتوویانە کە خەڵکی ئێرانن و تەنانەت وێنەی پاسپۆرتەکانیشیان پیشانی هێزە ئەمنییەتییەکان داوە بەڵام ئەو هێزانە ئەو ٩ کەسەیان لە پەنابەرەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان جیا کردۆتەوە.

پەنابەرەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هۆی بەدواداچوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە لە رۆژانی رابردوودا گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام بەرپرسانی ئێران تا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ گەڕاندنەوە یان ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو ٩ پەنابەرە  کورده نەداوە.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی یەکێک لەو ٩ کەسە ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٤ی خەرمانان( ١٥ی سێپتامبێر) چوونەتە باڵوێزخانەی سووریا لە تاران. دیپلۆماتەکانی سووریا پێیانیان راگەیاندووه کە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن بۆ ئەم بابەتە دەبێ بنەماڵەی هەر ٩ کەسەکە بچنە باڵوێزخانەی سووریا لە تاران. بڕیارە کە بنەماڵەی ئەو ٩ کەسە حەوتووی داهاتوو پێکەوە بچنە باڵوێزخانەی سووریا.

هەنگاو وێڕای نیگەرانی لە هەمبەر چارەنووسی ئەو ٩ پەنابەری کوردە داوا لە هەموو رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئەکات کە شێلگیرانە لە دۆخی ئەو ٩ کەسە بکۆڵنەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە