ناڕەزایەتییەکانی کوردستان؛ کوژرانی لاوێکی خەڵکی مەریوان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشەو

لاوێکی مەریوانی بە ناوی موختار ئەحمەدی، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشەوی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

٩ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢١:١٢


هەنگاو: شەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢
لاوێکی مەریوانی بە ناوی موختار ئەحمەدی، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمشەوی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موختار ئەحمەدی لە گۆڕەپانی دارایی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.


هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووەوە، کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە چەکی کڵاشینکۆف لە شارەکانی مەریوان و سەقز تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.


بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، موختار ئەحمەدی کوڕی حاجی سەلیم، دانیشتووی گەڕەکی تەکیە لە مەریوان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بە سەختی بریندار بووبوو، کە دوای گوازرانەوەی بۆ نەخۆشخانەی فەجر گیانی لەدەست دا.
 

زانیاری نوێ...

 


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی موختار ئەحمەدی کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە بەشداری ٢٠ کەس و لە کەشێکی ئەمنیدا لە گۆڕستانی دارسێرانی مەریوان بەڕێوەچووە.


هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان بە نووسراوە بەڵێنییان لە بنەماڵەی موختار ئەحمەدی وەرگرتووە کە دەبێت بە شەودا تەرمەکەی بنێژن و ئەگەر ئەوکارە نەکەن تەرمەکەیان ڕادەست ناکەنەوە.
 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە