نوروژ/ چالاکێکی سیاسی کورد دوای ١٢ ساڵ مەترسیی دیپۆرتکرانەوەی لە سەرە

هەنگاو: چالاکیکی سیاسی کورد کە ١٢ ساڵ پێش وەکوو پەناخواز ڕووی لە وڵاتی نوروژ کردووە، دوای ئەوەی کە چەندین جار داوای پەنابەرییەکەی ڕەد کر

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٦:٤١


هەنگاو: چالاکیکی سیاسی کورد کە ١٢ ساڵ پێش وەکوو پەناخواز ڕووی لە وڵاتی نوروژ کردووە، دوای ئەوەی کە چەندین جار داوای پەنابەرییەکەی ڕەد کراوەتەوە، هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چیا قادری، چالاکی سیاسی کورد لە وڵاتی نوروژ مەترسیی دیپۆرتکرانەوە بۆ ئێرانی لە سەرە و ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژ (٣١ی ژوئیە) هێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە هەڵیانکوتەوەتە سەر ماڵەکەی و ویستوویانە کە لەگەڵ خۆیان بیبەن، بەڵام بە هۆی بەرگری ناوبراو نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پۆلیسی نوروژ دوو حەفتە مۆڵەتی بە چیا قادری داوە کە تانە لەو بڕیارەی دادگا بدات و ئەگەر هەوڵەکانی سەر نەگرێت ئەوا دیپۆرتی وڵاتی ئێران دەکرێتەوە.


چیا قادری کوڕی ئەبووبەکر قادری یەکێک لە گیانبەختکردوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە یەکێک لە بنکەکانی ئەو حیزبە لە قەندیل لەدایکبووە.

ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکراتیشە و هیچ کات لە ئێران نەژیاوە و هیچ جۆرە ناسنامەیەکی نیە و ئەگەر دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە ئەوا ژیانی بەرەوڕووی مەترسی دەبێتەوە.


دەرکردنی حوکمی دیپۆرت بۆ چیا عەزیزی لەلایەن دادگای نوروژەوە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی ناوبراو ساڵانێکە لەو وڵاتە وەکوو پەنابەر نیشتەجێ بوون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین چالاکی سیاسی کورد لەلایەن وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئێران دیپۆرت کراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە و چەند کەسیان چارەنووسیان نادیارە.


هەر بۆیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو هەوڵەی حکوومەتی نوروژ مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو چالاکان و ناوەندەکانی ماف مرۆڤ دەکات کە هەموو هەوڵی خۆیان لەمەڕ ڕێگری کردن لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بخەنە گەڕ.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە