نەخشین ئەحمەدی بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی مەهاباد کە کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٣٣

 

هەنگاو: ژنێکی خەڵکی مەهاباد کە کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەخشین (شلێر) ئەحمەدی خەڵکی گوندی «قزڵقۆپێ» ی مەهاباد دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەخشین ئەحمەدی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٥ی مارسی ٢٠٢٢ ) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وتی: «نەخشین ئەحمەدی هەر کە چووەتە پێش ئیتلاعاتی نەغەدە لە ناوەند هێزە ئەمنییەکان لەپێش چاوی شووەکەی دراوەتە بەر لێدان و کوتان و دەستبەسەر کراوە و دواتریش لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بە سەختی ئەشکەنجە کراوە».

یەکێک لە نزیکانی نەخشین ئەحمەدی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: «نەخشین نەخۆشە و ئەم مانگە دەبوو شیمی دەرمانی بۆ بکرێت و جەختی کردەوە کە بێبەش بوونی ناوبراو لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی گیانی بەرەو ڕووی مەترسیی جددی دەکاتەوە».

ناوەندە ئەمنییەکان ئەم ژنە کوردەیان کە دایکی دوو منداڵی کوڕیشە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە