نەغەدە/ ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی بەندکراوێکی کورد لە ئارادایە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگیراوە، بە

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٨:٢٨


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگیراوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەدانی ٢٧٢٠ (٩ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، بەندکراوێک بە ناوی ”ڕەحیمی یووسفی“ بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و ئەگەری زۆر لە ڕۆژانی داهاتوودا حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەحیم یووسفی تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی سوغانلووی پیرانشار، سێ ساڵ پیش دوای ١٣ ساڵ خۆویستانە دانی بە کوشتنی نائەنقەستی هاوڕێیەکی خۆی ناوە و دواتر دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی یوسفی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ڕەحیم وتوویە لەگەڵ هاوڕێکەی بە ناوی ”خالید نزاکەت“ لە ناو ئۆتۆمبێل دانیشتبوون و چەکیان تاقی کردووەتەوە کە گوللەیەک دەرچووە و لە خالیدی داوە و ئەو قەتڵە بە ئەنقەست نەبووە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بنەماڵەی کوژراوەکە ئیزنیان نەداوە کەس بە مەبەستی لێخۆشبوونی ڕەحیم سەردانی ماڵیان بکات و وەک باس دەکرێت ئەمساڵ بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەن پارەیان داوە هەتا حوکمی سێدارەی ڕەحیم جێبەجێ بکرێت.


گرتە ڤدیۆییەکی دایکی ڕەحیم یووسفی بە دەسگی هەنگاو گەیشتووە کە داوا لە خەڵک دەکات هاوکاریان بکەن هەتا بتوانن ڕەزامەندی ئەو بنەماڵەیە بە دەست بێنن.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە