نەورۆزی کوردستان/ دەستبەسەرکردنی کورت ماوەی عادڵ نادری هونەرمەندی ناسراوی کورد

هەنگاو: هونەرمەندێکی ناسراوی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراو بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٥:٠٦

 

هەنگاو: هونەرمەندێکی ناسراوی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراو بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٢)، عادڵ نادری، هونەرمەندی ناسراوی کورد لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای سنەوە بانگ کراوە و دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ناوەندە ئەمنییە وێڕای هەڕەشە کردن لە عادڵ نادری ناچاریان کردووە کە بە نووسراوە بەڵێن بدات کە بەشداری ئەو ڕێوڕەسمانەی تایبەت بە نەورۆز کە لەلایەن خەڵکەوە ڕێک دەخرێن نەکات. هەروەها پێیان وتووە کە تەنیا دەتوانی لەو ڕێوڕەسمانەی کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە مۆڵەتیان پێدراوە بەشداری بکات.

ئەم هونەرمەندە کوردە ڕۆژی ڕابردوو لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بانگ کرابوو و دوای ئەوەی کە بە نووسراوە بەڵێنی لێ وەرگیراوە ئازاد کراوە.

لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لە کوردستان و بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی دەستبەسەر کراو و سەدان چالاکی دیکەش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە