هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوونەتە ئامانجی چەکی نیوە قورسی سپای پاسداران

هەنگاو: هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی سپای پاسداران خەڵکی ئەو ناوچانەی کە زۆربەیان ئاژەڵ

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٥:٤٣


هەنگاو: هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی سپای پاسداران خەڵکی ئەو ناوچانەی کە زۆربەیان ئاژەڵدارن و لەم وەرزەدا لە کوێستانەکان جێگیر بوون، بە چەکی نیوە قورس دەکەنە ئامانج.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سپای پاسداران کە لە سنوورەکانی سەردەشت و پیرانشار جێگیر بوون، بە چەکی نیوە قورسی وەکوو بی کەی سی و دۆشکا تەقەیان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان کردووە و شوانێکیان بە سەختی بریندار کردووە.


هەر لەو پەیوەندییەدا و شایەتحاڵێک بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ڕۆژی هەینی ١٣ی پووشپەڕ (٣ی ژوئیە)، هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری پیرانشار لە کاتێکدا تەقەیان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان کردووە کە چەند کیلۆمەتر دوور بوون لە سنوورەکانی ئێران و لە ئاکامی ئەو تەقەیە کە بی کەی سی کراوە شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “ڕێبین ئیسماعیل” بە سەختی بریندار بووە.


ڕێبین ئیسماعیل بە هۆی سەختی برینەکانیەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە.


هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی سپا لە سنووری سەردەشت بە چەکی دۆشکا تەقەیان لە ئاژەڵداران کردووە و لە ئاکامدا ٢٠ سەر مەڕ لەناوچوون.


لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاو وێڕای ڕووماڵکردنی گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بە نیسبەت دەست نەپاراستنی سپای پاسداران لە هاووڵاتیانی مەدەنی و ماڵ و موڵکیان لە هەر دوولای سنوور، هوشداری دابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە