هاووڵاتییەکی خەڵکی خۆی بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی خۆی کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە گوازرایەوە.

١٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ٠٩:٥٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی خۆی کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتیەکی خەڵکی بەخشی قوتوور سەر بە شاری خۆی بە ناوی ”فیرووز موسالوو“ دوای زیاتر لە پێنج مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

فیرووز موسالوو پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران بووە و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١١ی ژوئیەی ٢٠١٩) دوای وەرگرتنی ئەماننامە لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە شاری سەردەشت خۆی ڕادەست کردووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوەی خۆی ڕادەست کردووەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گوازراوەتەوە و دوای پێنج مانگ و ٢٠ ڕۆژ ڕاگیران لەو دەستبەسەرگەیە ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی پێشوو گوازرایەوە بەندی ڕەوان دەرمانی بەندیخانەی ئورمیە و ڕۆژی پێنج شەممە براوەتە بەندی سیاسی ئەو بەندیخانەیە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە