هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

١٠ ڕەزبەر ٢٧١٩، ١٨:٣٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوسێن عوسمانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو حوکمە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی ڕەزبەر (٢ی ئۆکتۆبر) لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

 ئەو بەندکراوە سیاسیە ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەی ئورمیەوە گوازرابوویەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد، بەڵام ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٢٣ی سێپتامبری ٢٠١٩)، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و ئێستا لە بەندی سیاسی ئەو بەندیخانە ڕاگیراوە.

حوسین عوسمانی ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٣ (مارسی ٢٠١٣) لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ساڵی دواتر لە گەڵ دوو هاو پەروەندەی دیکەی بە ناوەکانی ”سابیر شێخ عەبدوڵڵا“ و ”دیاکۆ ڕەسووڵ زادە“  لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد جەوادی کیا بە تۆمەتی ئەنجام دانی تەقینەوەکەی ساڵی ٢٧١٠ (٢٠١٠)ی شاری مەهاباد و ئەندامەتی لە کۆمەڵە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بە سەردا سەپا. 

حوکمی سێدارەی حوسین عوسمانی دوو ساڵ دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە هەڵوەشایەوە و دواتر حوکمەکەی بۆ ١٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. بەوحاڵەش دادگای شۆڕشی مەهاباد سەرلەنوێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەر ناوبراودا سەپاندووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بە بێ هەبوونی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەکانی ئورمیە و مەهاباد ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە