هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێر

٢٢ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٣:٥١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەمەد مورادی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی سزای ٤٠ ساڵ بەندکران و دووخرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە سەر ناوبراودا سەپاوە و ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٢ی مەی ٢٠٢١) دوای ئەوەی بانگ کراوە بۆ ژووری جێبەجێ کردنی سزاکانی بەندیخانەی نەغەدە بە فەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.

محەمەد مرادی خەڵکی گوندی قەبری حوسێنی پیرانشار کە شەش مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە جیا بووەتەوە  و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی هەمان ساڵ (٦ی سێپتامبری ٢٠١٧) خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ دۆسیەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەمەد مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو برای محەمەد بە ناوەکانی ”عەبدوڕەحمان و سادق مورادی“ ڕۆژی دووشەممە  ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە