هاووڵاتییەکی ٦٣ ساڵە بانگی ئیتلاعاتی کامێران کراوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەوڵاوا بە هۆی چالاکی کوڕەکەیەوە لە دەرەوەی وڵات بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە.

١٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:٤٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی بەساڵاچووی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەوڵاوا بە هۆی چالاکی کوڕەکەیەوە لە دەرەوەی وڵات بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٣ ساڵی خەڵکی گوندی دێوەزناو سەر بە شاری سەوڵاوا بە ناوی ”عەباس حەمیدپوور“ بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیتلاعاتی کامێران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەو هاووڵاتییە کوردە کردووە و داوایان لێکردووە هەتا لە سەر کوڕەکەی بە ناوی محەمەدئەفشار حەمیدپوور کە ئێستا دانیشتووی وڵاتی دانیمارکە زانیارییان پێ بدات.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە عەباس حەمیدپوور کردووە و پێیان وتووە کە بە کوڕەکەت بڵێ لە سەر تۆڕە کۆمەلایەتییەکان چالاکی نەکات.

محەمەد ئەفشار حەمیدپوور پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت بووە و ماوەی پێنج ساڵە کە وەکوو پەنابەر ڕووی لە وڵاتی دانیمارک کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە