هاووڵاتییەکی شاری شنۆ کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار بوو، گیانی لەدەست دا

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی عەبدولسەلام گەڵوانی کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و لەو شارە بریندار و بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئور

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٠٩:٢٨


هەنگاو: دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی عەبدولسەلام قادر گەڵوان ناسراو بە (عەبدولسەلام گەڵوانی) کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و لەو شارە بریندار و بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە گوازرابووەوە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی (٢۶ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عەبدولسەلام قادر گەڵوان، سەر لەئێواری ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان و لە شاری شنۆ کە لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی ڕژابوونە سەر شەقامەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکرا و بە سەختی بریندار کرابوو.

هەر ئەو شەوە عەبدولسەلام قادر گەڵوان، بە هۆکاری سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.

شایانی باسە کە هەمان شەو، سێ لاوی تری شاری شنۆ بە ناوەکانی ئەمین مەعڕفەت، تەمەن ١۶ ساڵ، میلان حەقیقی، تەمەن ٢١ ساڵ و سەدرەدین لێتانی، تەمەن ٢٧ ساڵ لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شنۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەست دا.

هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو لە لاپەڕەی تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندووە کە تەرمی لانی کەم ۵ کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری شنۆ ڕاگیراون. هەروەها ۵ هاووڵاتیی تر کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی بریندار بوون، بە هۆی سەختیی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراونەتەوە و بارودۆخی تەندروستییان باش نییە
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە